قوباد تاڵەبانی: جگە لە یەکێتی هیچ لایەنێکی دیکە کەرەستەی پێویستی نییە بۆ چاکسازی

01/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی تیمەکانی گەنجانی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، لەم ھەڵبژاردنەدا گەورەترین دەرفەت بۆ سەرکەوتنی یەکێتی دروست بووە و ئامانجی گەورە و سەرەکی یەکێتیش ئەوەیە بە تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە لەم ھەڵبژاردنەدا رێڕەوی حکومڕانی لە ھەرێم راست بکاتەوە.

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە دەستپێکی وتەکانیدا دۆخی یەکێتی لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠٠٩ بۆ ٢٠٢٢ شی کردەوە کە لەو ماوەیەدا و لە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە تا دوای ساڵی ٢٠٢٢ رۆژ لە دوای رۆژ لاوازتر دەبوو و لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق و نێودەوڵەتیشدا تەواو بێ کاریگەر ببوو، بەڵام لەم سێ ساڵەدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆژ لە دوای رۆژ بەھێزتر بووە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەوانەی لە نزیکەوە سەرۆک بافڵ دەناسن، دەزانن کە بەڵێنێک بدات، جێبەجێیدەکات، وتیشی بەر لە دوو ساڵ، بەڵێنیدا کە ھاوسەنگی ھێز دروستبکاتەوە و جێبەجێیکرد، لە دوای سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی یەکێتی لە کەرکوک و موسڵ و لە گۆڕینی  یاسای ھەڵبژاردن و چەندین سەرکەوتنی دیکەش، ئێستا چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا یەکێتی نەک وەک جاران ھێزێکی پەراوێزخراو و بێ کاریگەر نییە، بەڵکو ئەو ھێزەیە لەناو ھەموو ھاوکێشەکاندا حیسابێکی گەورە بۆ سیاسەت و بڕیار و ھەڵوێستی یەکێتی دەکرێت.

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، دۆخی لایەنەکانی دیکە و بە تایبەتیش لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی شی کردەوە و رایگەیاند، ھیچ لایەنێکیان کەرەستەی پیویستیان نییە بۆ چاکسازی و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی.

 وتیشی، تەنانەت یەکێتی چوار ساڵ لەمەوبەریش توانای چاکسازی و گۆڕانکاری نەبوو، بەڵام یەکێتی لەم قۆناغەدا و بەو سەرۆکە بەھێزەی کە ھەیەتی و بەو خۆڕێکخستنەوەیە کە کردویەتی و بەھۆی چەندین تایبەتمەندی دیکەشەوە تەنھا لایەنێکە کە  کەرەستەی پێویستی بۆ چاکسازی راستەقینە و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی ھەیە و ئەمجارە دەتوانێت و دەشیکات، چونکە ئەمە بەڵێنی سەرۆک بافڵ و ئیرادە و خواستی سەرکردایەتی و ھەموو کادر و ئەندام و جەماوەری یەکێتییە.

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، نەیارانی یەکێتی ئەمجارەیان دڵنیان لە سەرکەوتنی گەورەی یەکێتی، ھەربۆیە ھەوڵ دەدەن ئاژاوە و کێشە دروست بکەن و بێ ڕێزی بە کاندیدەکان و کەسایەتییەکانمان بکەن.