شەرق ئەلئەوسەت: ئیسرائیل پلانی بۆردومانکردنی ٣٥ ئامانجی لە عیراق ھەیە

01/10/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت رایگەیاند، ئیسرائیل ٣٥ ئامانجی لە عیراق دەستینیشانکردووە و پلانی ھەیە بۆردومانیان بکات.

رۆژنامەی "شەرق ئەلئەوسەت" بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی ھێرشی گروپە چەکدارەکانی مقاومەی ئیسلامی لە عیراق بۆ سەر ئیسرائیل، تەلئەبیب ٣٥ ئامانجی لە عیراق دەستنیشانکردووە و پێشبیندەکرێت لە ھەر چرکە و ساتێکدا بۆردومانیان بکات، لەنێو ئامانجەکانیشدا بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان و سەرۆکی گروپە چەکدارەکان ھەیە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، سێ کەسایەتی سیاسی دیاری راسپاردووە، لەنێویاندا عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی مقاومەی ئیسلامی لە عیراق، تاکو ھێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل کەمبکەنەوە و عیراق بەدووربگرن لە گرژییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

رۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، گروپە چەکدارەکانی مقاومەی ئیسلامی لە عیراق، چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی تارانن، بۆ دەستپێکردنی ھێرشی فراوان بۆ سەر ئیسرائیل و تۆڵەکردنەوەی کوژرانی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵا.