سەرۆکی یەکێتی: بەخەمێکی قوڵەوە ھەواڵی شەھیدکردنی سەماحەتی سەید حەسەن نەسروڵامان پێگەیشت
مەریوان عەبدوڵا
سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، بە خەمێکی قوڵەوە ھەواڵی شەھیدکردنی سەماحەتی سەید حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانیان پێگەیشتووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، بەخەمێکی قوڵەوە ھەواڵی شەھیدکردنی سەماحەتی سەید حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانیان پێگەیشتوە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەھید و گەلی لوبنان و مسوڵمانان و ھاوڕێیانی دەکات.
دەشڵێت، بۆ ئەم کۆستە گەورەیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رۆڵی یاسایی و مرۆیی خۆی بگێڕێت بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و دەستدرێژیی بۆ سەر فەڵەستین و لوبنان و ناوچەکە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، داوا لەھەموولایەنەکان دەکەن تا ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن ئارام بگرن تا ناوچەکە لە جەنگێکی فراوان بەدووربگیرێت و ئیدانەی ئەم کار و تاوانانە دەکەن کە ئیسرائیل دەرھەق بە ھاوڵاتیانی مەدەنی و تیرۆرکردنی سەرکردەکان دەیکات.
وتیشی، خوای گەورە لە شەھیدەکان خۆشبێت و ھیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازێت.
|