ئیسرائیل: بە بەردەوامی چاودێری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیروت دەکەین

28/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

سوپای ئیسرائیل دەڵێت بە بەردەوامی چاودێری فڕۆکەخانەی بەیروت دەکەن و ھەموو جموجۆڵێکی گوماناوی دەکەنە ئامانج.

بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چاودێری بە بەردەوامی بە ئاسمانی بەیروت بەگشتی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەو شارە بە تایبەتی دەسوڕێنەوە بە مەبەستی ئاگاداربوون لەو فڕۆکانەی لە فڕۆکەخانەی بەیروت دەنیشنەوە و ھەر جموجوڵێکی گوماناوی بە دی بکەن بەتایبەتیش ھێنانی چەک و تەقەمەنی، راستەوخۆ دەکرێنە ئامانج و رێگە بە ھیچ جۆرە چەکێک نادەن بگاتە دەستی چەکدارانی حزبوڵای لوبنان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیروت مەدەنییە و پێویستە بۆ بواری مەدەنیش بەکاربھێنرێت نەک بۆ ھێنان و گەیاندنی چەک و تەقەمەنی بە چەکدارانی حزبوڵا.