جێگری سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ سەرۆکی ئینستیوتی دانوب لە بۆداپێست کۆبووەوە

27/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

جێگری سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ سەرۆکی ئینستیوتی دانوب لە بۆداپێست و سەرۆکی زانکۆی بۆداپێستی ھەنگاریا کۆبووەوە

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە پڕۆفیسۆر تۆماش دێژۆ، سەرۆکی ئینستیوتی (دانوب) لە بۆداپێست و دکتۆر بۆری لازلۆ، سەرۆکی زانکۆی بۆداپێست لە ھەنگاریا کرد.

لە دیدارەکەدا، دوایین پێشھاتە سیاسیی و ئەمنیەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان ھەنگاریا و ھەرێمی کوردستان، ماڵوێرانییەکانی جەنگ و تێکچوونی دۆخی سیاسیی و ئابووریی وڵاتان و دۆخی ناسەقامگیری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گفتووگۆیان لەبارەوە کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتووگۆکاندا، تیشک خرایە سەر سیاسەتی گشتی نێودەوڵەتیی و سیاسەتی ھەنگاریا بەرامبەر ھەرێمی کوردستان و عێراق، بە تایبەت لە بواری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، ھەروەھا ڕۆڵ و کاریگەریی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق، لە ئاستی یارمەتییە سەربازیی و مرۆییەکان وەکو ناوچەیەکی ستراتیژی و کاریگەری دژ بە تیرۆریستان، بە گرنگیەوە باسیان لێوەکرا.