ئەمریکا ٢٠ ملیۆن دۆلار دەداتە ھەر کەسێک زانیاری لەسەر ئەندامێکی سوپای پاسداران پێبدات

27/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

ئەمریکا ٢٠ ملیۆن دۆلار وەک پاداشت دەداتە ھەر کەسێک کە زانیاریی لەسەر ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران پێبدات کە تۆمەتبارە بە ھەوڵدان بۆ کوشتنی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەر کەسێک کە زانیاری لەسەر شەھرام پورسەفی ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران پێبدات ئەوا ٢٠ ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت پێدەدات.

دەشڵێت، پورسەفی کار بۆ فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران دەکات و تۆمەتبارکراوە بەوەی ویستوویەتی جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا تیرۆر بکات لەڕێگەی پێشنیازی پێدانی ٣٠٠ ھەزار دۆلار بە کەسێک بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە وەزارەتی دادی ئەمریکا بەڵگەنامەی پێویستی لەبەردەستە کە پورسەفی تۆمەتبارکراوە بە ھەوڵدان بۆ کوشتنی بۆڵتن و لەکاتی ساغبوونەوەی تۆمەتەکان، ١٥ ساڵ زیندانی دەکرێت و لەساڵی ٢٠٢٣دا خراوەتە لیستی تیرۆر و سامانەکەی بلۆککراوە.