بەلەمێکی کۆچەران لە دەریای ئیجە نقومبوو کە بەھۆیەوە کۆچەرێک خنکا

27/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

ئەمڕۆ بەلەمێکی دیکەی کۆچەران لە دەریای ئیجە نقومبوو کە بەھۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا، ئەوەش سێیەم بەلەمی کۆچەرانە کە لە پێنج رۆژدا لە ئیجە نقووم دەبێت.

پۆلیسی پاسەوانی کەناراوەکانی باشوری یۆنان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دوورگەی کۆس لە رۆژھەڵاتی یۆنان بەلەمێکی کۆچەران کە ١٦ سەرنشینی تێدابووە، بەھۆی خراپی دۆخی کەشوھەواوە نقومبووە و بەھۆیەوە کۆچەرێک خنکاوە کە ژنە و تەرمەکەی دەرھێنراوەتەوە، وتیشی، تونراوە ١٥ کۆچەریش رزگاربکرێن.

ئاماژی بەوەشکردووە، ھەر ئەمڕۆ ٧٨ کۆچەریان لە بەلەمێکدا لە ئیجە رزگارکردووە کە بەلەمەکەیان نقومبوو، سەرجەم کۆچەرەکانیش گواستراونەتەوە بۆ دورگەی کریت.

رۆژی ٢٣ی ئەیلولیش بەلەمێکی کۆچەران نقومبوو و بەھۆیەوە سێ کۆچبەر خنکان و  ٢٥ کۆچەری دیکەش بێسەروشوێنبوون، ئەوەش سێیەم بەلەمی کۆچەرانە کە لە پێنج رۆژدا لە ئیجە نقووم دەبێت کە بەھۆیەوە چوار کۆچەر گیانیان لەدەستداوە.