بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بەغداد ٢٤٣ ملیار بۆ موچەی مانگی ئاب بنرێت

27/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو وەزارەتی دارایی عیراق، پارەی تەواوکاری مووچەی مانگی ئابی موچەخۆران بنرێت و دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لەچەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی موچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلولی رادەستی بەغداد کردووە و ھەرێمیش چاوەڕێی رەزامەندی تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق دەکات بۆ ئەوەی سەرەتای ھەفتەی داھاتوو پارەی تەواوکاری موچەی مانگی ئاب کە بڕەکەی ٢٤٣ ملیار دینارە بنرێت.

وتیشی، عیراق گرفتی کەمی داھاتی نانەوتی ھەرێمی کوردستانی ھەیە، چونکە تەنھا ٣٦٪ی داھاتی رادەستکردووە کە دەبوایە ٥٠٪ بێت و ئەوەش گرفتی بۆ خەرجکردنی موچە دروستکردووە.

رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دارایی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی موچەی مانگی ئاب کە بڕەکەی ٢٤٣ ملیار دینارە لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت.

ھەفتەی رابردوو بەغداد ٥٧٢ ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی ئاب نارد، بەڵام ھەرێم بۆ دابەشکردنی موچە بڕی ٩٩٨ ملیار دیناری پێویستە و لەئێستادا ٧٥٥ ملیار دیناری لەبەردەستە، بەوپێیە بڕی ٢٤٣ ملیار دینار کورتھێنان ھەیە.

رۆژی سێی ئەم مانگەش، دەستکرا بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی ھەرێم و بە سێ رۆژ مووچە دابەشکرا.