وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار: ئەمساڵ ژمارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێم زیادیکردووە

27/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار رایگەیاند، ئەمساڵ ژمارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێم زیادیکردووە و پێشبینیدەکەن تا کۆتایی ساڵ ژمارەکە بگاتە ھەشت ملیۆن گەشتیار.

ئیبراھیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی باشبوونی ژێرخانی کەرتی گەشتوگوزاری و بەپشتبەستن بە زانیاری نوسینگە و شوێنە گەشتیاریەکان ژمارەی گەشتیاران زیادیکردووە و پێشبینیدەکەن زیاتر لە ھەشت ملیۆن گەشتیار تا کۆتایی ئەمساڵ سەردانی ھەرێم بکەن.

وتیشی، لە ئەمساڵدا دەستەی گەشتوگوزار ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بەمەبەستی بە بازاڕکردنی کەرتی گەشتوگوزار لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھان و چەند چالاکییەکیان ئەنجامداوە و بەشدارییان لە ژمارەیەک پێشانگای نێودەوڵەتی گەشتیاری و کۆڕبەند و کۆنفڕانسی وەبەرھێنانی گەشتیاری کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەکە پلانێکی ھەشت ساڵەی ھەیە و بەردەامدەبێت لە رێکخستنی چالاکی گەشتیاری و لەئەمساڵدا توانراوە ھەلی کار بۆ ١٥٠ ژن و گەنج بڕەخسێندرێت.