سودانی: سەرەتای ساڵی داھاتوو ھاوردەکردنی بەنزین رادەگرین

26/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی داھاتووەوە ھاوردەکردنی بەنزین کۆتایی دێت و لە ساڵی ٢٠٢٨شدا عیراق لە بەرھەمھێنانی غازدا دەگاتە ئاستی خۆبژێوی.

بەپێی راگەیەنراوێکی نوسینگەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە نیویۆرک لەگەڵ ژوری بازرگانی ئەمریکا و چەند وەبەرھێن و نوێنەرێکی کۆمپانیایەکی ئەمریکا کۆبووەتەوە.

دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا سودانی رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٨ دا عیراق لە بەرھەمھێنانی غازدا دەگاتە ئاستی خۆبژێوی و لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی گرێبەستێکیان ئیمزا کردووە بۆ بەرھەمھێنانی ٦٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەکانی باشووری عیراق. 

باس لەوەشدەکات، لە سەرەتای ساڵی داھاتوەوە و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆژەیەکی پاڵاوتنی سووتەمەنی، ھاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوە رادەگرن و سیاسەتی حکومەت بەو ئاڕاستەیە دەڕوات کە وەبەرھێنان لە کێڵگە نەوتی و غازییەکاندا بکرێت و سودی لێوەربگیرێت.