وەزارەتی رۆشنبیری ھەرێم: دەبێت پارێزگاری لە کلتوور و شێوەزاری ناوچەی ھەورامان بکەین
کوردسات نیوز
وەزارەتی ڕۆشنبیری ھەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا سەبارەت بە تۆماری جیھانی ھەورامان لەلایەن یونسکۆوە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەو بڕیارە ھەمووان دڵخۆش دەکات، بۆیە دەبێت پارێزگاری لە کلتوور و شێوەزاری ئەو ناوچە ڕەسەنە بکەن وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی گەلەکەمان.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، لە چل و چوارەمین دانیشتنی کۆمیتەی میراتی جیھانی ڕێکخراوی جیھانی یونسکۆ لە شاری فوجوی وڵاتی چین و بە ئامادەبوونی نوێنەری ١٣٩ وڵات بەڕێوەچوو، ناوچەی ھەورامان وەکو ناوچەیەکی کەلتووری مێژوویی لە ئاستی جیھاندا تۆمار کرا و خرایە لیستی شوێنەوارەکانی جیھانەوە.
لەو بەشەی تایبەتە بە ھەورامانەوە ڕێکخراوی یونسکۆ دەڵێت، ناوچە دوورە دەست و شاخاوییەکانی ھەورامان لانکە و گەواھیدەری کلتوری خەڵکی ھەورامانن. ھەورامییەکان وەک بەشێک لە کورد لە ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایینەوە لەو ناوچەیە دەژین، کاری باخداری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن. لەناو دڵی چیاکانی زاگرۆس، لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان بە درێژایی سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران، لە دوو بەشی سەرەکی پێکھاتووە: لە ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتەوە ژاوەرۆ و تەخت (لە پارێزگای سنە). لە ڕۆژئاواشەوە لھۆن لە پارێزگای کرماشان.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەشدا ھاتووە، ئەو ١٢ گوندەی لە پڕۆژەکەدان، گەواھیدەر و سەلمێنەری ئەوەن، خەڵکی ھەورامان سەرەڕای نەبوونی خاکی بە پیت لە ناوچە شاخاوییەکانیان توانیوویانە وەڵامێکی باشی سروشت بدەنەوە و خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن، ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، ئەو ناوچەیە لە دێر زەمانەوە شوێنی ژیان و ژیار بووە و ڕەھەندێکی گرنگی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە خۆیدا ھەڵگرتووە و حەشارداوە.
|