بافڵ تاڵەبانی: پێشوازییەکی گەرم لە بڕیاری ناساندنی ھەورامان وەک ناوچەیەکی کەلەپووریی جیھانی دەکەین

28/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بافڵ تاڵەبانی پشتیوانی لە پێشخستنی زیاتری کایەکانی ڕۆشنبیری دەکات و پێشوازی لە ناساندنی ھەورامان وەک ناوچەیەکی کەلەپوریی جیھانی دەکات.

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری ناساندنی ھەورامان وەک ناوچەیەکی کەلەپوریی جیھانی دەکات لەلایەن لیژنەی کەلەپور و شوێنەواری کلتوریی ڕێکخراوی یونسکۆ، خۆشحاڵیشە ئەو بەشە گرنگەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان وەک میراتییەکی کلتوریی جیھان دەستنیشانکرا.


ڕاشیگەیاندووە، ھەورامان ناوچەیەکی گرنگ و مێژوویی کوردستانە و ڕۆڵی پێشەنگی بینیووە لە پێشخستنی بوارەکانی فەرھەنگی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی گەلەکەمان.


بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، بۆ ئەم دەستکەوتە مێژووییەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی لە  خەڵکی خۆشەویستی کوردستان و ناوچەی ھەورامان دەکات، ھیوادارە ھەمووان پێکەوە ھاوکاربن بۆ پێشخستنی زیاتری کایەکانی ڕۆشنبیری و کلتووری و پاراستنی شوێنەوارە دێرین و بە نرخەکانی کوردستان کە سەرمایەیەکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانین.