جێگری سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا کۆبووەوە

18/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

ئەمڕۆ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن ھیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، دوایین پێشھاتەکان و بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە، پڕۆسەی چاکسازیی و رێکخستنەوەی پێشمەرگە، پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی عیراق و ھەرێم باسیان لێوەکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان لە بەردەوامبوون و بەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عیراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە، ھەروەھا ھاوڕابوون کە دەبێت کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن، لەپێناو سەقامگیری دۆخی سیاسی و ئابووریی و فەراھەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ ھاووڵاتیان. 

چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و خێراکردنی پڕۆسەی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە، لەگەڵ پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیر، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.