جارێکیتر سەدان ئامێری پەیوەندی بێتەلی ئەندامانی حزبوڵای لوبنانی تەقینەوە

18/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

شەپۆلێکی تری تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی، ریزەکانی حزبوڵای لوبنانی ھەژاند و بەھۆیانەوە نۆ کوژراو و سەدان برینداریان لێکەوتەوە.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ھەمان وادەی تەقینەوەکەی رۆژی رابردوو، دەیان تەقینەوە لە ئامێری پەیوەندیکردنی ریزەکانی حزبوڵا رویاندا و بەھۆیانەوە تا ئێستا نۆ کوژراو و زیاتر لە ٣٠٠ برینداریان لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، تەقینەوەکان لە ئامێری بێ تەلی جۆری واکی تۆکی کراون کە جیاوازن لە ئامێرەکانی دوێنێ و قەبارەیان گەورەترە، لەگەڵ ئەوەشدا زیانەکانی گەورەتر و تەقینەوەکانی بەھێزتر بوون.

بەوتەی سەرچاوە ئەمنیەکانی لوبنان، تەقینەوەکان لەنێو کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ و سیستمی وزەی خۆری ماڵانیش رویانداوە کە بەھۆیانەوە دەیان ئاگر کەوتووەتەوە.

لای خۆیەوە ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کرد لە ڕووداوەکانی لوبنان، بڕیارە رۆژی ھەینی داھاتووش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە کۆببێتەوە.