نەوتی عیراق: لە پێنج ساڵی داھاتوودا دەگەینە ئاستی خودبژێوی لە بەرھەمھێنانی غاز

18/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

لەماوەی پێنج ساڵی داھاتوودا عیراق دەگاتە ئاستی خودبژێوی لە بەرھەمھێنانی غاز و کۆتایی بە ھاوردەکردنی دەھێنێت.

باسم محەمەد بریکاری وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ کاروباری دەرھێنانی وزە رایگەیاند، لە چوارچێوەی گرنگیدان و گەشەپێدانی کەرتی وزە و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکانی تایبەت بە بەرھەمەھێنانی غاز، توانراوە بگەنە قۆناغی گۆڕینی غازە سوتاوەکان لە رێگەی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەوە کە سود لەو غازە وەردەگرن.

وتیشی، لە ئێستا لە بەسرە ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا، لە میسان ١٥٠ ملیۆن پێ سێجا و کۆمپانیای تۆتاڵیش لە پێنج کێڵگەی باشوور ٦٠٠ پێ سێجا غاز بەرھەمدەھێنن و لەماوەی داھاتووشدا کۆمپانیایەکی ئۆکراینی ئاستی بەرھەمھێنانی غاز دەگەیەنێتە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا.

باس لەوەشدەکات، ئەو ھەوڵانە دەبنەھۆی ئەوەی لەماوەی پێنج ساڵی داھاتوودا عیراق بگاتە ئاستی خودبژێوی لە بەرھەمھێنانی غاز و کۆتایی بە ھاوردەکردن دەھێنێت و دەبێتە سەرچاوەی ھەناردەکردنی غازیش بۆ دەرەوەی وڵات.