سەرۆککۆمار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی لوبنان ئەنجامدا
مەریوان عەبدوڵا
د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عیراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان ئەنجامدا.
لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆککۆمار بەتوندی ھێرشەکەی بۆسەر لوبنان ئیدانە کرد، کە چەندین شەھید و برینداری لێکەوتەوە و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و ھەوڵی فراوانکردنی بازنەی جەنگ و دەستدرێژی ناوبرد، کە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ھاوسۆزیی عێراقی لەگەڵ گەلی لوبنانی برا لەم تەنگانەیەدا دوپاتکردەوە و ئامادەیی عێراقیشی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی مرۆیی و پزیشکی بۆ بریندارەکان دەربڕی، ھاوکات سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی ھێرشەکەش کرد.
د.لەتیف رەشید پشتیوانی عێراقی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان دەربڕی و ھەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆسەر وڵاتەکە رەتکردەوە. ھەروەک جەختیکردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی بگرێتەئەستۆ بۆ وەستاندنی جەنگ لەدژی گەلی فەڵەستین بەتایبەتی لە کەرتی غەززە و رێگەگرتن لەھەر ھەوڵێک بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکە.
لەلای خۆیەوە نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ھەڵوێستی نەگۆڕ و پشتیوانیی گەل و حکومەتی عێراق بۆ لوبنان دەربڕی لە ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی کە لەڕابردودا روبەڕوی بوەتەوە.
|