دەستەی ناوچە کوردستانییەکان راگەیەندراوێکی لەبارەی سەرژمێری گشتی عیراق بڵاوکردەوە

18/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

دەستەی ناوچە كوردستانییەكان رایگەیاند، بە نیگەرانی و گومانەوە لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دەڕوانن و پێویستە بە هەستیارییەوە لەسەری بوەستن، سبەینێش لە هەولێر كۆبوونەوەی لایەنەكان لەوبارەیەوە بەڕێوەدەچێت.

دەستەی ناوچە كوردستانییەكان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە نیگەرانی و گومانەوە لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەڕوانن، چونكە لەلایەك ماددەی ١٤٠ی دەستور جێبەجێنەكراوە و مێژووی سەرژمێرییەكانی رابردووش ئەزموونێكی تاڵ و كاریگەری خراپیان لەسەر نیشتیمانەكەیان دروستكردوە، هەربۆیە  پێویستە بە هەستیارییەوە لەسەر ئەم پرسە بوەستن.  

ئاماژەی بەوەشداوە، دەستەی ناوچە كوردستانییەكان ئامادەكاریكردووە بۆ ئەوەی سبەینێ لە هەولێر دیدارێكی سیاسی لەگەڵ كۆی هێزە كوردستانییەكانی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم رێكبخەن و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پڕۆسەیە ئەنجام بدەن، ئامانجیشیانە تواناكان یەكبخەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و خەڵكی ئەو ناوچانە كە ئێستا لە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەژین.