وەزارەتی کاری عیراق: پێنج ھەزار کەس لە ھەرێم بە نایاسایی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن

17/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عیراق رایگەیاند، زیاتر لە پێنج ھەزار کەس لە ھەرێمی کوردستان بە نایاسایی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.

ئەحمەد موسەوی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عیراق رایگەیاند، دوای وردبینیکردنی زانیاریی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەرکەوتووە سەرپێچیی لە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی بەدیکراوە، زیاتر لە پێنج ھەزار فەرمانبەر و کارمەندی ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان بە نایاسایی موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.

دەشڵێت، دۆسیەی ئەو کەسانە دراوەتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موچەیەی کە بە نایاسایی بۆیان خەرجکراوە.

ئەحمەد موسەوی وتیشی، ئەو کەسانە لەماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠٢١دا تۆمارکراون و ئەو موچەخۆرانە سەرباری ئەوەی لە دامەزراوەکانی ھەرێم دامەزرێندراون، موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیش وەردەگرن.