پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێکی سەبارەت بە بەرێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەرکرد

17/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

لیژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێکی سەبارەت بە بەرێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەرکرد و دەڵێت ھەڵگرتنی چەک و نمایشی سەربازی لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا قەدەغەیە.

د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکی لیژنەی ئارامی پارێزگای سلێمانی نوسراوێکی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی ھەڵبژاردن بڵاوکردەوە، بەپێی نوسراوەکە لەسەر بنەمای بڕیار و راسپاردەکانی لیژنەی باڵای ئارامی، داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکات، پابەندبن بە یاسا و بڕیار و رێساکانی کۆمیسیۆن و لیژنە باڵای ئارامی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

بە پێی نوسراوەکە پێویستە ھەمو کاندید و قەوارە و ھاوپەیمانێتیەکان، بەشێوازێکی مەدەنیانەی دور لە توندوتیژی و بەرکەوتن بە پاراستنی تەواوی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری گشتی، بانگەشەی ھەڵبژاردن بکەن.

لە نوسراوەکەدا جەخت لەوەشکراوەتەوە، ھەڵگرتنی چەک و دیاردەی چەکداریی و نمایشی سەربازی لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا قەدەغەیە، ھەروەھا کاروان و کەژاوەی لەدوای یەک و درێژی ئۆتۆمبێل کە ببنە مایەی تێکدانی ھاتوچۆی گشتی و گرتنی رێگا و شەقامەکان قەدەغەن.

لە کۆتایدا داوا لەھەمولایەک دەکات، لە ھەر روداوێکی نەخوازراودا پەنا بۆ دادگا و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و دامەزراوە رەسمییەکان ببەن، لە ھەر روبەڕوبونەوە و ھێرش و تۆڵەسەندنەوەیەکی کەسی خۆیان بەدوربگرن.