ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی دووەم بۆ خزمەت و خانەنشینی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات

17/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ خزمەت و خانەنشینی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە بەڕێوەدەچێت کە شەش تەوەر لە خۆدەگرێت لەناویاندا دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای دامەزراوەی شەھیدان و خوێندنەوەی دووەم بۆ خزمەت و خانەنشینی دەستەی حەشدی شەعبی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر لەکۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق تەواو دەکرێت.

ئەنجومەنی نوێنەران لەکۆبوونەوەی دوێنێیدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ ھەمواری پڕۆژەیاساکانی باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی کرد، دەنگدانیشی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشووی بەعس لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیارانی کورد دواخست.