عیراق باج بەسەر بلۆگەر و کەسایەتییە دیارەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەسەپێنێت

16/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

عیراق تاوتوێی سەپاندنی باج بەسەر بلۆگەر و کەسایەتییە دیارەکانی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکات، کە داھاتێکی زۆر لەو رێگەیەوە بەدەستدەھێنن.

عەبدولحسێن عەنبەکی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازی لە باج ئاماژەی بەوەدا، رەشنووسی یاسایەکیان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای باج لە عیراق ئامادەکردووە و تێیدا، دادپەروەرانە باج لەسەر ئەو کەسانە سەپێندراوە، کە داھاتیان زۆرە و لێخۆشبوونیش کراوە لە باجی سەر ئەو کەسانەی داھاتیان کەمە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە رەشنووسەکەدا، باج خراوەتە سەر ئەو پیشە نوێیانەی داھاتیان زۆرە و پێشتر باجیان لەسەر نەبووە، لەوانە داھاتی بلۆگەر و کەسایەتییە دیارەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە لەو رێگەیەوە داھاتێکی زۆریان بەدەستھێناوە و باجیان نەداوە.

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختیلەوەشکردەوە، رەشنووسی یاساکە لەگەڵ ژینگەی بازرگانی عیراق دەگونجێت و  و تێیدا دادپەروەری بەدەستدەھێنرێت، ھاندەریش دەبێت بۆ گەشەپێدان.