ئەنقەرە: ھیچ رێککەوتنێک لەبارەی وادە و شوێنی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد نییە

16/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

تورکیا دەڵێت، تائێستا لەسەر وادە و شوێنی کۆبوونەوەکەی نێوان ھەردوو سەرۆک کۆماری تورکیا و سوریا رێکنەکەوتوون.

سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند، لە میدیاکانەوە چیرۆکی جیاواز دەبیستن لەسەر وادە و شوێنی کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، بەڵام تائێستا لەسەر وادە و شوێنی کۆبوونەوەکەی نێوان ئەو دوو سەرۆکە رێکنەکەوتوون.

وتیشی، لە کاتی گونجاودا دیدارەکەی نێوان ھەردوو سەرۆکی تورکیا و سوریا رادەگەیەنن ئەگەر وردەکاری لەوبارەیەوە ھەبێت.

راشیگەیاند، ئەنقەرە پێشوازی لە ھەوڵەکانی روسیا بۆ نێوەندگیری بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا دەربڕی و جەختی لەسەر پابەندبوونی لایەنی تورکیا بە پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای نیازپاکی لەگەڵ سوریا کردەوە.