مەزڵوم کۆبانێ: ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ ھەموو لایەنەکان

16/09/2024
فۆتۆ: 
مەریوان عەبدوڵا

مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ ھەموو لایەنەکان بە تورکیاشەوە، جەختیشیکردەوە لە رووبەڕووبوونەوەی ھێرش و دەستوەردانەکان.

بەپێی راگەیەندراوێکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم کۆبانی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەی فورات کۆبووەتەوە و جەختکرایەوە لە ئامادەیی ھێزەکان بۆ پاراستنی ناوچەکە و دانیشتووانەکەی. 

مەزڵوم کۆبانی ستایشی ئامادەکارییەکانی ئەنجومەنی سەربازیی ھەسەدەی کرد بۆ پاراستنی ناوچەکە و بەرگریکردن لە سەرجەم پێکھاتەکان، جەختیشیکردەوە لە گرنگی بەھێزکردنی توانای ناوخۆیی و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان لە تەواوی بوارەکاندا.

وتیشی، ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە تورکیاشەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی، بەڵام نابێت ھێرش و دەستوەردانە سەربازیی و ئەمنییەکان بە ھەند وەرنەگیرێن.

جەختیشیکردەوە، بەردەوام دەبن لە مەشق و راھێنان بە ھێزەکانیان بۆ پشتیوانیکردنی ئەنجومەنی سەربازیی و ھێزەکانی.