تەندروستی جیھانیی ھۆشداری لەبارەی کۆرۆنای دەلتاوە دەدات

28/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

تیدرۆس ئەدھانۆم بەرێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانیی ھۆشداری دەدات لە زیادبونی حاڵەتەکانی توشبون بە کۆرۆنای دەلتا لە جیھاندا و داواش لە چین دەکات زانیاری تەواو سەبارەت بە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بداتە رێکخراوەکە بۆ ئەوەی بتوانن لە داھاتوودا رێگری بکەن لە دروستبونی قەیرانێکی تەندروستی ھاوشێوە .

تیدرۆس ئەدھانۆم بەرێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیھانیی ریگەیاند، خۆشحاڵین حاڵەتەکانی توشبوون بە کۆڤید ١٩ بۆ کەمترین ئاست کەمبووەتەوە لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسەوە، بەڵام داوا دەکەین ھۆشداربن، چونکە  لەزۆرێک لە وڵاتانی جیھان ئێستا جۆری دەلتا ی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و حاڵەتەکانی توشبوون و  گیان لەدەستدانیش زۆر زیادیان کردوە، ئەمە سەرباری ئەوەی ژمارەی بەکارھێنەرانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە زیادبوندایە.


وتیشی، ھیوامان ھەیە و داواش لە چین دەکەین ھاوکار بێت لە ئاشکراکردنی سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە ئەوە زۆر گرنگە، ئەگەر سەرچاوەی کۆرۆنا نەزانین، ناتونین لەداھاتوودا رێگری لە قەیرانێکی ھاوشێوە بکەین.


ئاماژەی بەوەشکرد، نایانەوێت پەنجەی تۆمەت بۆ چین درێژ بکەن، بەڵام پێویستە سەرچاوەی ڤایرۆسەکە بزانن و ئامادەکاری بۆ ئایندە بکەن.