کازمی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی مەدینە سەدری راگەیاند
کوردسات نیوز
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی تۆڕێکی تیرۆریستی راگەیاند، کە بەرپرسیاربوون لە تەقینەوەکەی مەدینە سەدری خۆرھەڵاتی بەغداد.
کازمی لە تویتەر رایگەیاندوە، فرمێسک و جەرگسوتانی کەسوکاری شەھیدانی مەدینە سەدر بوو بە رێگەیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو تۆڕە تیرۆریستییەی پلاندانەر و ئەنجامدەری ھێرشە ناڕەواکەی بازاڕی وەحیلات بوون .
راشیگەیاند، دەستگیرکراوەکان دەخرێنە بەردەم یاسا و گەل بۆ ئەوەی ببە پەند بیر لەکاری لەو شێوەیە دەکەنەوە .
رۆژی دووشەممەی رابردوو لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە بازاڕی وەحێلاتی مەدینە سەدری بەغداد ٣٠ کەس کوژران و ٥٠ی تریش برینداربوون.
|