ڕۆحانی: لابردنی گەمارۆکان نزیکبووەتەوە

04/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەی نزیکبووەتەوە، ڕەخنەش لەو ئاستەنگیانە دەگرێت کە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بۆ دانوستانەکانی ڤییەنا دروستدەکرێن.

ڕۆحانی ڕایگەیاند، لە دانوستانەکانی ڤییەنا، نزیکبوونەتەوە لە لابردنی سزا و گەمارۆکان و بوژانەوەی ئابووریی ئێران، لە چەند ھەفتەی داھاتووشدا پێشھاتی گرنگ بۆ لابردنی سزاکان دەبینن.


وتیشی، ئێران گەشبینە بە دانوستانەکانی ڤییەنا لە نێوان وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ھاوکات ڕەخنەی لە کۆمەڵێک لایەن لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران گرت، کە سوودی خراپیان لە گەمارۆکانی ئەمریکا وەرگرتووە و ھەوڵیانداوە ئاستەنگ بۆ دانوستانەکانی ڤییەنا دروستبکەن.


زیاتر لە مانگێکە دانوستانی وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، لە شاری ڤییەنا دەستیپێکردووە و ئامانج لێی گەڕانەوەی ئەمریکا و پابەندبوونی ئێرانە بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی.