کۆشکی سپی لەبارەی ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح ھۆشداری دەدات

13/02/2024
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کۆشکی سپی ئەمریکا لەبارەی ھێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح ھۆشداری دەدات و دەڵێت، نایانەوێت ھیچ ھاووڵاتییەکی مەدەنی ببێتە قوربانی.

جۆن کیربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بەرەو ناوچەکانی باشوری غەززە ھەڵاتوون دوای ئەو فشارەی ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکور دروستیکرد لەسەریان، لە ئێستاشدا بوونی ئەو سەرکردانەی حەماس لە باشوری غەززە مەترسی لەسەر مەدەنییەکان دروستدەکات.

 ئاشکراشیکرد واشنتۆن داوای لە ئیسرائیل کردووە ھۆشیار بێت لە گەڕان و بەدواکەوتنی سەرکردەکانی حەماس و ھەر ئۆپراسیۆنێک کە لە رەفەح ئەنجامی دەدات، چونکە شارەکە قەرەباڵغە و مەدەنییەکان زەرەرمەند دەبن.

وتەبێژەکەی کۆشکی سپی دووپاتیشیکردووەتەوە کە ئەمریکا نایەوێت ھیچ ھاووڵاتییەکی مەدەنی لە فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان ببێتە قوربانی.