وەزیری دارایی ئیسرائیل: لەرێی میسرەوە چەک و تەقەمەنی دەبرێتە کەرتی غەززە

12/02/2024
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزیرێکی ئیسرائیلی میسر تۆمەتبار دەکات بە تێوەگلانی لە ھێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی حەماس بۆ سەر وڵاتەکەی.

بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل لە راپۆرتێکدا لە رۆژنامەی ھارتز رایگەیاندووە، ئەو چەک و تەقەمەنییەی چەکدارانی حەماس بەکاریدەھێنن لەرێی میسرەوە دەبرێتە کەرتی غەززە بۆیە بەشێک لە بەرپرسیارێتی ھێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر لە ئەستۆی قاھیرەیە.

لە راپۆرتەکەیدا وەزیری دارایی ئیسرائیل، داوای لە قاھیرە کردووە وەک چۆن رێگە دەدات لە وڵاتەکەیەوە چەک و تەقەمەنی ببرێتە غەززە ئاواش رێگە بە دانیشتوانەکەی بدات سنورەکان تێپەڕێنن تا روو لە وڵاتی سێیەم بکەن. 

لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی میسر بە توندی تۆمەتەکانی وەزیری دارایی ئیسرائیل رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بەھیچ شێوەیەک رێگەنادەن ناوی قاھیرە بۆ پەردەپۆشکردنی شکست و کەمتەرخەمییەکانی ئیسرائیل بەکاربھێنرێت. 

دەشڵێت، ئەوەی وەزیری دارایی ئیسرائیل دەیەوێت درێژەدانە بە کوشتن و وێرانکاری و شکستپێھێنانی ھەوڵەکانی راگرتنی شەڕە لە غەززە.