بەرنامەی پێگاسۆسی تایبەت بە سیخوڕیکردن ھەرایەکی گەورەی ناوەتەوە

21/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەرنامەیەکی سیخوڕیکردن بەسەر زانیارییە کەسییەکانی ناو مۆبایل، ھەرایەکی گەورەی لە جیھاندا ناوەتەوە و مەترسی ئەوەی لێدەکرێت، ژمارە مۆبایلی ٥٠ ھەزار کەسی ھاککردبێت.

بە پێی ڕاپۆرێکی ڕۆژنامەکانی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی، بەرنامەی "پێگاسۆس" کە دروستکراوی کۆمپانیای "ئێن ئێس ئۆ"ی ئیسرائیلیە و بۆ مەبەستی سیخوڕیکردن بەکاردێت، لەلایەن چەندین وڵاتەوە بۆ چاودێریکردنی ژمارە مۆبایلی ٥٠ ھەزار کەسایەتی دیاری جیھانی، وەک سەرۆک وڵات و چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و دیپلۆماتکار و فەرماندەی سەربازی بەکارھاتووە و سیخوڕی بەسەر ژمارە مۆبایلەکانیانەوە کراوە و چاودێری پەیوەندییەکانیان کراوە.


لەناو ئەو کەسانەی گومانی ھاککردنی مۆبایلەکانیان ھەیە، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ٣٤ وڵاتی جیھان ھەیە، کە یەکێکیان سەرۆک کۆماری عێراقە، لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نوسیوویەتی، ڕوون نیە کە ئایا ھەوڵی ھاککردنی مۆبایلەکەی سەرۆک کۆماری عێراق سەرکەتوو بووە یاخود نا، بەڵام لێکۆڵینەوە لە گوومانەکان دەکرێت و پشکنین بۆ مۆبایلی ھەموو ئەو کەسانە دەکرێت کە گوومانی ھاککردنی مۆبایلەکانیان ھەیە.


یەکێکی تر لەو سەرکردانەی گوومانی چاودێریکردنی مۆبایلەکەی ھەیە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسایە، جگە لە ماکرۆن سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا و ژمارەیەک وەزیری کابینەکەی مەترسی ھاککردنیان لەسەرە، بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی، وڵاتی مەغریب ئەو بەرنامەیەی بۆ سیخوڕیکردن بەسەر سەرۆکی فەڕەنساوە بەکارھێناوە، بەو پێیەی یەکێک لە ژمارە مۆبایلەکانی ماکرۆن، لە لیستی ئەو ژمارانەدا بووە، کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی مەغریـبەوە لە ڕێگەی ئەو بەرنامە ئیسڕائیلییەوە چاودێریکراوە، لەو بارەیەوە سەرۆکایەتی فەڕەنسا ڕایگەیاند، ئەگەر ڕاستی ئەو پرسە بسەلمێنرێت، ئەوا مەترسییەکی گەورەیە.


ھەر بە پێی زانیارییەکانی زە گاردیان، چەندین وڵات تێوەگلاون لە پڕۆسەی سیخوڕیکردن لە ڕێگەی ئەو بەرنامەیەوە، بۆ نموونە ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ئیماڕات لە ڕێگەی ئەو پڕۆگرامەوە چاودێری ژمارە مۆبایلی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنانی کردووە و ساڵی ٢٠١٩ش ھیندستان، ئەو پڕۆگرامەی بۆ چاودێریکردنی مۆبایلەکەی عومران خان سەرۆک وەزیرانی پاکستان بەکارھێناوە.