جێف بێزۆسی ملیاردێری جیھان دەچێتە بۆشایی ئاسمان

20/07/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

"جێف بیزۆس" ملیاردێری ئەمریکی و دەوڵەمەندترینی جیھان دەچێتە بۆشایی ئاسمان لە ٥٥ھەمین ساڵیادی ئەنجامدانی یەکەمین گەشتن بۆ بۆشایی ئاسمان.

بە یەکەم کەشتی کۆمپانیای "بلو ئۆریگن" کە بە سەرنشینەوە دەچێتە بۆشایی ئاسمان، "جێف بیزۆس" و "مارک بیزۆس"ی برای و "والی فونک" ژنێکی تەمەن ٨٢ ساڵ و خوێندکارێکی فیزیای تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی "ئۆلیڤەر دایمن" دەچنە بۆشایی ئاسمان.


کەشتییەکەیان، پەنجەرەی گەورەی تێدایە، دیمەنی زەوی لە دوورەوە بە جوانی دەبینن و پێویستی بە کەشتیوان نییە، "بیزۆس" دەڵێت، ھەمووان پرسیارم لێدەکەن کە ئایا دەترسم یاخود نا، بەڵام نەخێر ھیچ دوو دڵییەکم نییە و زۆر پەرۆشم بۆ ئەوەی فێری دەبم لە بۆشایی ئاسمان.


ئەو ژنە تەمەن ٨٢ ساڵەشی یاوەری "بیزۆس" دەکات دەبێتە بە تەمەنترین ژن کە گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان ئەنجام بدات، ئەو ژنە لە ٦٠ەکانی سەدەی ڕابردوو ھەمان ئەو تێستانەی بۆ کراوە کە بۆ پیاوان لەو ساڵانەدا دەکران بۆ چوونە ئاسمان، بەڵام چانس یاوەری نەبوو، لە ئێستاشدا لەو تەمەنەی خەونەکەی بەدیدەھێنێت.


ئەم گەشتەی "بیزۆس" ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵک دەڵێن ئەو پارەیەی بۆ بۆشایی ئاسمان خەرجی کردووە، دەکرا بۆ شتێکی تر بەکاری بھێنێت وەک چارەسەرکردنی گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا و ھاوکاری کردنی جیھان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.


سامانەکەی "بیزۆس" بە نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و دەوڵەمەندترین پیاوی جیھانە، "بیزۆس" تەمەنی ٥٧ ساڵە و سەرۆکی جێبەجێکاری گەورە کۆمپانیای "ئەمازۆن"ە، ئەم گەشتەشی پێدەچێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی ئەو ملیاردێرەی جیھان ھیچ نەماوە تاقی نەکاتەوە تەنھا چوونە بۆشایی ئاسمان نەبێت و ئەوەشی کرد.