کۆبوونەوەی باڵای کەشوھەوا لە ئەمریکا بەڕێوەچوو

22/04/2021
کۆبوونەوەی باڵای کەشوھەوا
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کۆبوونەوەی باڵای کەشوھەوا لە واشنتۆن کارەکانی دەستپێکرد، و جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتەیەکیدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەو کۆبوونەوە باڵایەدا ئاماژەی بە مەترسیەکانی گەرمبوونی کەشوھەوا کرد لەسەر ھەسارەی زەوی و ڕایگەیاند پێویستە بەر لەوەی کار لە کار بترازێت ھەنگاو بنێین بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو دیاردەیە.

بایدن ئاماژەی بەوەشکرد ھەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا دەرفەتی ئابوریی گەورە دەڕەخسێنێت، ئەویش لە ڕێی بنیادنانی تەکنەلۆژیای پاکەوە کە دەشێت ئەمڕۆ و سبەی بەکاربھێنرێت.
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشنیاری وەبەرھێنانی زەبەلاحی کردووە بۆ سودمەندبوون لەو دەرفەتانەی بەکارھێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە دەیانڕەخسێنێت، لەوانە وەبەرھێنان لە کەرتی ئوتومبێلی کارەبایی و وێستگەکانی بارگاویکردنەوەی ئەو جۆرە ئوتومبێلانە و داواشی لەو وڵاتانە کرد کە زۆرترین ڕێژە لە گازە پەنگخواردووە گەرمبووەکانی خانووە پلاستیکیەکانی ڕووەک بە ئەتمۆسفیردا بڵاودەکەنەوە، سنورێکی بۆ دابنێن.
بایدن بەڵێنیشیدا وڵاتەکەی دەستپێشخەر بێت لە کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی گازە گوڵخانەییەکاندا کە ھۆکاری سەرەکیی گەرمبوونی کەشوھەوای گۆی زەویە.
ھاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە مەترسیەکانی گەرمبوونی کەشوھەوا کرد و بە ھەڕەشەیەکی ناوبرد بۆ سەر ژیان. گۆتەرێس ئاماژەی بەوەکرد گازە پەنگخواردووەکان ھێندە زیادیان کردووە کە پێشتر ھاوشێوەی نەبووە.
شی جین پینگ سەرۆکی چینیش لە وتەیەکیدا لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە داوای کرد ڕێز لە سروشت بگیرێت و ئاماژەی بەوەکرد گۆڕانی کەشوھەوا ئاستەنگی گەورە بۆ جیھان دروست دەکات.
سەرۆکی چین کە وڵاتەکەی دووەم ئابوریی گەورەی جیھانە، بەڵێنی کەمکردنەوەی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە گازانەیدا. وتیشی، وڵاتەکەی کۆنفرانسێک سەبارەت بە  بە جۆراوجۆریی بایۆلۆژی ڕێکدەخات.
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیاش لە وتەیەکیدا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی گەرمبوونی کەشوھەوا دووپاتکردەوە.
پوتین لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد دانوستانەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوھەوا بەڵگەیە بۆ ئەو نیگەرانیانەی سەبارەت بەو دیاردەیە لای کۆمەڵی نێودەوڵەتی دروست بوە، و وتیشی داھاتووی ھەسارەی زەوی و تێکڕای وڵاتان و خۆشگوزەرانی دانیشتوانەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بەو ھەوڵانەوە کە دەدرێن بۆ سنوردانان بۆ گەرمبوونی کەشوھەوا.