ئێران ئامادەیە لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ سعودیە کۆببێتەوە

03/05/2021
سعودیە بەرامبەر ئێران
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوای پەیامەکەی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، ئێران ئامادەیە لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گۆڕان لە ھەڵوێست و زمانی سعودیە بەرامبەر ئێران، یارمەتی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان دەدات و ئێران ئامادەیە لەسەر ئاستی باڵا دانوستان لەگەڵ سعودیە بکات، وڵاتانی ناوچەکەش لە ئەنجامی دانوستانەکان ئاگاداربکاتەوە.


خواستنی ئێران و سعودیە بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانیان لە کاتێکدایە،٢٧ی مانگی ڕابردوو، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە ڕایگەیاند، ھەرچەندە رەفتارەکانی ئێران وەک پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و دەستوەردانی لە کاروباری ناوچەکە خراپە، بەڵام سعودیە دەیەوێت پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئێراندا ھەبێت، پێشتریش چەند میدیاکانی جیھان باسیان لەوەکرد، ئێران و سعودیە بە نێوەندگیری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەغداد کۆبوونەتەوە و باسیان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان کردووە.