٤٨ تۆن ماددەی بەسەرچوو لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە

02/05/2021
لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە ماوەی ٢٠ رۆژی مانگی رەمەزاندا، ٤٨ تۆن ماددەی بەسەرچوو لە سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتیش دەڵێت، سزاکانیان توندتر کردۆتەوە و ئەو کەیسانەی بچنە خانەی فێڵکردن و ساختەکردنەوە، شوێنەکانیان پێ دادەخەن.

"لەشکر حەمید" سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە چوارچێوەی سەردان و بەسەرکردنەوەی بازاڕ و دوکان و شوێنە گشتییەکان، لە ماوەی ٢٠ رۆژی مانگی رەمەزاندا، زیاتر لە ٥ ھەزار و ٦٠٠ جار سەردانی شوێنە گشتییەکانیان کردووە، ٢٤٠ پسووڵەی سەرپێچییان کردووە و ٨ کەسیش دراونەتە دادگا.
وتیشی، ھەر لەو ماوەیەدا ٤٨ تۆن خۆراک و ماددەی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە، ٦٢ شوێن داخراون، زیاتر لە ٢٨ ملیۆن دیناریش سزای ئەو شوێنانە بووە کە سەرپێچییان کردووە و پابەند نەبوون بە رێنماییەکان.
جەختیشیکردەوە، ھەموو ئەو کەیسانەی بچنە خانەی فێڵکردن و ساختەکردنەوە، شوێنەکانیان پێ دادەخەن و دەیاندەن بە دادگا.