دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دواخرا

19/09/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیار بوو تیایدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت بۆ سبەی چوارشەممە دواخرا.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران کە بڕیاربوو تیایدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت، بۆ سبەی دواخرا.

وتیشی، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاریانداوە ئەگەر سبەینێ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە نەخرێتە دەنگدانەوە دانیشتنەکە بایکۆت دەکەن.

ئەوە سێیەمجارە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگدانی کۆتایی لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دوادەخات، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە (١٤ـی ئەیلول) بەھۆی نەبوونی نیسابی یاسایی و دوێنێ دووشەممە (١٨ـی ئەیلول)ـیش بەھۆی داواکاری چەند پەرلەمانتارێک بۆ گۆڕینی ژمارەیەک قەزای دیکە بۆ پارێزگا، ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە پەسەند بکات.