یەحیا رەسول: بۆردومانەکەی عەربەت بە درۆنێک بووە کە لە تورکیاوە ھاتووە

19/09/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لیوا یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، بۆردومانەکەی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، لە رێگەی درۆنێکەوە بووە، کە لە سنووری تورکیاوە ھاتووە.

لیوا یەحیا رەسول راگەیەندراوێکی لەبارەی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە بە سنووری تورکیا تێپەڕیووە، ھاتووەتە سنووری ئاسمانیی عێراق و فڕۆکەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی بۆردومانکردووە و بەھۆیەوە "سێ پاڵەوانی دژەتیرۆر" شەھیدبوون و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

وتیشی، ئەو دوژمنکارییە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەلامەتیی خاکی عێراقە، ھەروەھا ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیھان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

دەشڵێت، ئەم دەستدرێژییە دووبارانە، لەگەڵ بنەمای پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی ناگونجێن و ھەڕەشەی تێکدان لە ھەوڵەکانی عێراق دەکات، بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەگەڵ دراوسێکانیدا، ھەروەھا عێراق مافی خۆیەتی سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێت.