محەمەد حاجی مەحمود: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاست بەئامانجگرتنی کوردستان کەڕ و کوێر و لاڵن

18/09/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو کاولکارییەی بەگەل و خاکی کوردستان دەکرێت "کەڕ و کوێر و لاڵ"ە و داوایان لێدەکات سنورێک بۆ ئەو ھێرش و پەلامارانە دابنێن.

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردووە، ئەمڕۆش جارێکی تر ناحەزانی ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرشێکی ناڕەوایان کردە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و لە ئاکامدا ژمارەیەک شەھید و برینداری لێکەوتەوە.

دەشڵێت، دوژمنانی کورد سەرخان و ژێرخانی ئابوری، ھاووڵاتی مەدەنی، سیاسەتمەدار، جوتیار، پێشمەرگە و ڕەز و باخەکانی کوردستان بە دوژمنی خۆیان دەزانن و ھەرکات دەرفەتیان ھەبێت کەمتەرخەمی ناکەن لە کاولکردنی.

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رەخنەش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت و ئاماژەی بەوەداوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو کاولکارییەی بەگەل و خاکەکەمان دەکرێت کەڕ و کوێر و لاڵن، بۆیەش  داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات سنورێک بۆ ئەو ھێرش و پەلامارانە دابنێت.