دژەتیرۆری کوردستان: هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بەچاوساغی سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا
کوردسات نیوز
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر ئاماری قوربانیانی ھێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکەوە سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆری کوردستان شەھیدبوون و سیانی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان CTG لە راگەیەندراوێکدا لەسەر ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی بڵاویکردەوە، فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت بە درۆن کراوەتە ئامانج و بەھۆیەوە سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەھیدبوون و سیانی دیکەش برینداربوون.
ئەوەشی خستەڕوو، لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەستپێکردووە بە ھەماھەنگی ھێزی ھاوپەیمان لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا بێ سزا تێناپەڕێت و ھەر لایەن و سیخوڕێک ھاوکاربووبێت رووبەڕووی سزای دەکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر راشیگەیاند، تۆڵەی سێ پێشمەرگە شەھیدەکە لە ئەستۆی ئەوانە و ناھێڵن خوێنیان بەھەدەر بڕوات، جەختیشیکردەوە، لە داھاتوودا زانیارییە راستییەکانی رووداوەکە ئاشکرادەکەن.
|