ئەندامێکی لیژنەی دارایی زانیاری نوێ لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێم ئاشکرا دەکات
کوردسات نیوز
ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێم رێککەوتنی کۆتایی نییە و ھەرێمیش دەستیکردووە بە رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەشێک لە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان بەغداد و ھەرێم تائێستا یەکلایی نەکراونەتەوە، بەڵام دەستپێشخەرییەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە مەبەستی پێدانی ٧٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ ماوەی سێ مانگ بە ھەرێمی کوردستان، جگە لەوەی دەبێتە چارەسەرێکی باش بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ھەنگاوێکی گرنگیشە بە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی تائێستا بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
وتیشی، پێویستە ھەموو لایەک ئەو راستییە بزانن کە ناردنی ئەو پارەیە بۆ ھەرێمی کوردستان رێککەوتنی کۆتایی نییە، بەڵکو تێپەڕاندنی رەوشی ئێستا و کردنەوەی دەرگایەکە بۆ چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان، چونکە لە ئێستاوە رۆژانە رادەستکردنی ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردوە.
|