ئەمڕۆ ساڵێک تێپەڕدەبێت بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی

16/09/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمرۆ ھاوکات لەگەڵ یەکەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستان ، ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا، لە چەند شارێکیش مانگرتنی گشتی راگەیەنراو دوکان و بازاڕەکان داخران.

ریکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شەقامی مامۆستا ھەژار لە شارۆچکەی زانکۆی سەقز لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزە ئەمنییەکان رێگەی چون بۆسەر گۆڕی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچیان-یان داخستوە و ھێزێکی زۆریش لەناو شاری سەقزدا بڵاوەپێکراوە، بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەشی بڵاوکراونەتەوە، ئەمرۆ لە شارەکانی سەقز، مەریوان، سنە، کامێران،، دیواندەرە، بانە و چەند شارێکی تر مانگرتنی گشتی بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکان دەستیپێکردوە. 

کۆماری ئیسلامی ئێران چەند رۆژێکە ھەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دەستپێکردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەوازی خۆپیشاندان و ناڕەزاییان کردووە، بە گوێرەی ئامارەکان لەماوەی دوو ھەفتەدا ٩١ ھاووڵاتی رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

ھەروەھا بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە،دوێنێ لە شاری زاھیدان خۆپیشاندان کراوە، شەوی رابردووش لە شارەکانی بانەو پیرانشار، ھاووڵاتیان بە راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان   لێدانی ھۆڕن ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە.