پاسپۆرتی عێراق: کێشەی دەرھێنانی پاسپۆرت چارەسەر دەبێت
کوردسات نیوز
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، گەیشتنی بڕێکی زۆری دەفتەری پاسپۆرتی راگەیاند، بەڕێوەبەری پاسپۆرتیش دەڵێت، مانگی داھاتوو کێشەی دەرھێنانی پاسپۆرت چارەسەر دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی دواکەوتنی دەرھێنانی پاسپۆرت چارەسەر دەبێت و بڕێکی زۆر لە دەفتەری پاسپۆرت گەیشتووە و دەست بە چاپکردنی دەکرێت.
راشیگەیاند، پلانیان ھەیە لە ھەفتەی داھاتووەوە، دەفتەری پاسپۆرت لە جۆری "A"، بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکەن و پڕۆسەکەش بەردەوامدەبێت تاکو سەرجەم ئەو پاسپۆرتانەی لە چاوەڕوانیدان چاپدەکرێن.
ھاوکات لیوا نەشئەت خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ گۆڕانکاریی جۆری لە پڕۆسەی دەرھێنانی پاسپۆرتدا روودەدات، ناوەڕاستی مانگی داھاتووش کێشەی دەرھێنانی پاسپۆرت چارەسەر دەبێت.
وتیشی، نوسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیان لە کوەیت و ئوردن و لوبنان و قەتەر کردووەتەوە و وەفدێکیان بۆ ھەمان مەبەست چووەتە تورکیا و لەچەند رۆژی داھاتووشدا وەفدێک دەچێتە مالیزیا و ئیمارات و سعودیە.
|