سودانی بۆ کوردسات نیوز: بەپێی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکی ھەرێم دەکەین

11/09/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و چاوەڕوانی دەرئەنجامەکانی بانگھێشتکردنی وەزیرانی دارایی ھەرێم و عێراق دەکەن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی کوردسات نیوزدا ئاماژەی بەوەکرد، یاسای بودجە حکومەتی عێراقی پابەندکردووە بە رەوانەکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان کە بڕەکەی ١٢.٦٧٪ـی کۆی "خەرجی فیعلییە"، بەڵام لەکاتی جێبەجێکردنی برگەی پەیوەست بە پشکی ھەرێم توشی ئاستەنگی بوون بەھۆی رێکارەکانی تایبەت بە خەرج و داھاتەکانی حکومەتی ھەرێم.

وتیشی، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی خۆی بەکارھێنا و بڕیاریدا تا چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد، مانگانە بڕێک پارە بە قەرز رەوانەی ھەرێم بکات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ھەرێم لەبارەی کێشە داراییەکان پێویستییان بە لێکتێگەیشتن ھەیە نەک لێدوانی بەرپرسان کە گرژییەکانی نێوانیان زیاتر بکات.