بومەلەرزەیەک بە گوڕی حەوت پلە بە پێوەری رێختەر مەغریب دەهەژێنێت

09/09/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەرەبەیانی ئەمرۆ بومەلەرزەیەکی وێرانکەر بە گوڕی ٧ پلە پێوەری رێکختەر وڵاتی مەغریبی ھەژاند ، بە پێی ئامارەکان ٦٣٢ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٣٢٩ کەسی تریش برینداربوون.

پەیمانگای نیشتمانی جیۆفیزیای مەغریب رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ بەدووری ٣٢٠ کلیۆمەتر لە ریباتی پایتەخت بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧ پلە بە پێوەری رێختەر روویداوەو چەقی بومەلەرزەکەش ھەرێمی حەوز بووە و لە شاری مەراکیش و چەند شارێکی دەوروبەری زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێکەوتووەتەوەو ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری لە نێو دانیشتوانی وڵاتەکەدا بڵاوکردەوەو لە سەرشەقامەکان رۆژیان کردەوە.

پەیمانگای نیشتمانی جیۆفیزیای مەغریب ئاماژەی بەوەشکرد، بومەلەرزەکە بەھێزترینە لە ماوەی سەد ساڵی رابردووی وڵاتەکەدا و دوای بومەلەرزە سەرەکییەکەش ژمارەیەک پاشلەرزەی تر روویانداوە کە بەھێزترینیان ٦ پلەبووە، پێشبینیشی کرد، لە رۆژانی داھاتوودا پاشلەرزەکان بەردەوامیان ھەبێت.

رەشید خەلفی ئەمینداری وەزارەتی ناوخۆی مەغریب رایگەیاند، بەھۆی بومەلەرزەکەوە ٦٣٢ کەس گیانیانلەدەستداوە و ٣٢٩ کەسی تریش برینداربوون، داواشی لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد ئارامبگرن و ھەموو توانا و کەرەستەیەک خراوەتە بەردەست بۆ بەھاناوەچوونی لێقەوماوان.

لەلایەکی ترەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەغریب ھۆشداریدا لە دروستبوونی شەپۆلەکانی تسونامی لە کەناراوەکان ، نەتەوەیەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا و سەرۆک وەزیرانی ھندستان ھاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکە راگەیاندو ئامادەیی ھەموو ھاوکارییەکیان بۆ لێقەوماوان دەربڕی.