بافڵ تاڵەبانی: چەندینجار ھۆشداریمان لە ھەبوونی بۆشایی ئەمنی داوە
کوردسات نیوز
کوردسات نیوز
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پەلامارەکانی دوێنێ شەوی داعش بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە پەیامێکی بڵاوکردەوە رایدەگەیەنێت، مەترسییەکانی داعش لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆتایی نەھاتووە و چەندینجاریش ھۆشداریمان لە ھەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان داوە.
دەقی پەیامەکە...
پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەم کە بەھۆی پەلامارە تیرۆریستییەکەی چەکدارانی داعشەوە شەھیدبوون و ھیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازم.
مەترسییەکانی داعش لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆتایی نەھاتووە و چەندینجاریش ھۆشداریمان لە ھەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکان داوە، کە بەداخەوە ھێرشەکەی شەوی ڕابردووی چەکدارانی داعش لە ئەنجامی سوودوەرگرتن بووە لەو بۆشاییە ئەمنییە.
رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەرکی ھەموولایەکمانە و پێویستە ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە زیاتربێت. ناتوانین ژیانێکی ئارام و سەقامگیرمان ھەبێت ئەگەر ھەموومان پێکەوە یەکدەنگ و یەکدەست نەبین بۆ رووبەرووبوونەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکان.
بافڵ تاڵەبانی
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
|