لە ٢٠١٩ گەشەی بەرھەمی ناوخۆی ھیندستان ٢ ترلیۆن و ٨٦٠ ملیار دۆلار بووە

01/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھیندستان لە ساڵی ٢٠١٩ ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لە کۆی گەشەی بەرھەمی ناوخۆدا بە بڕی ٢ ترلیۆن و ٨٦٠ ملیار دۆلار، توانی پلەی پێنجەم بگرێت لە ڕیزبەندی ٢٠ وڵاتە زلھێزە ئابوورییەکەدا و ڕێژەی گەشەی ئابووری ٤.١٨٪ تۆمار بکات، ھاوکات بانکی نێودەوڵەتیش ئاماژەی بە زیادبوونی گەشەی ساڵانەی کشتوکاڵی ھند کردووە بە ڕێژەی ١٦٪ و گەشەی زیادبوونی ساڵانەی پیشەسازیش بە ڕێژەی ٢٤.٨٪، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای مانگی چواری ئەمساڵ خەونی گەشەی ئابووری حکومەتی ھندستانی زڕاند کە چاوەڕێ بوون ئەمساڵ ڕێژەی گەشەی ئابووریان ١١٪ی دیکەش بەرزبکەنەوە.

کشتوکاڵ کە بە شادەماری ئابووری ھیندستان ھەژمار دەکرێت بەو پێیەی سەرچاوەی بژێوی ٧٠٪ی دانیشتووانەکەیەتی و لە ٦٠٪ی زەوی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، لە ئێستادا بەھۆی کۆرۆناوە دووچاری داکشانەوە بووە و لە ڕێژەی ٥٥٪ی کۆی بەرھەمی ناوخۆوە کەمیکردووە بۆ ١٦٪ کە بە ٤٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.


دابەزینی بەرھەمی ھیندستان تەنھا کاریگەری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی بازرگانی نێودەوڵەتیش کاریگەری دروستکردووە، بەو پێیەی ھیندستان ئاستی بازرگانی کاڵای لە ساڵی ٢٠١٩دا بە بڕی ٨١٠ ملیار دۆلار لەگەڵ وڵاتان ئەنجامداوە و لە بواری ئەلیکترۆنیشدا بە بڕی ٢٣ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار ھەناردەی ھەبووە، وڵاتانی کەنداویش بە پێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، تەنھا لە ساڵی ٢٠١٩دا بە بڕی ١٦٢ ملیار دۆلار کاڵای ھیندییان ھاوردە کردووە.


عێراق بە گشتی ساڵانە ١ ملیۆن و ٢٤٠ ھەزار تۆن برنج لەلایەن ١٠٠ کۆمپانیاوە ھاوردە دەکات و لەو ژمارەیەش ھیندستان ٥٥٠ ھەزار تۆنی پێکھێناوە و ھەرێمی کوردستانیش بەھۆی ئەوەی برنج بە دووەم خۆراکی سەرەکی ھاوڵاتیانی دادەنرێت لە دوای گەنمەوە، ساڵانە ٢٧٧ ھەزار تۆن برنج بەکاردەھێنێت کە تەنھا ٦٪ی بەرھەمی ناوخۆیە و ٩٤٪ی لە وڵاتی ھیندستان بە پلەی یەکەم و ڤێتنام و ئۆرگوایەوە ھاوردە دەکات و ٩٨٪ی ھەموو برنجی ھاودەکراوی عێراقیش لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بە شارەکانی دیکەی عێراقدا بڵاودەبێتەوە، بۆیە دابەزینی ٥٥٪ی کۆی بەرھەمی برنجی ھیندستان بۆ ١٦٪ کاریگەری لەسەر ئەو ماددە سەرەکییەی ھاوڵاتیانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانەوە بەجێدەھێڵێت.