رێگەچارەیەکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم پێشنیازدەکرێت

22/06/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازی رێگەچارەیەکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ھەناردەی نەوتی کوردستان دەخاتەڕوو و دەڵێت، حکومەتی فیدراڵ دەتوانێت لە بری بەندەری جەیھانی تورکیا بەندەری عەقەبەی ئوردن بەکاربھێنێت بۆ ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان.

کازم تۆکی ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا بە پاساوی کێشەی تەکنیکی و ھونەرییەوە لە بۆرییە نەوتییەکاندا، پڕۆسەی ھەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێناکاتەوە، بەڵام لە راستیدا ئەو وڵاتە ھۆکاری دیکەی ھەیە، کە سیاسین.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا پاشگەزبوونەوەی عێراقی لەو سکاڵایانەی لە دادگای ناوبژیوانی پاریس تۆماریکردووەتە دژی ئەو وڵاتە، کردووەتە مەرجی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش ئامادە نییە لەو سکاڵایانەی بکشێتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز وتیشی، عێراق ژمارەیەک بژاردەی لە بەردەمدایە بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، یەکێکیش لەو بژاردانە بەکارھێنانی بەندەری عەقەبەی ئوردنە بۆ ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، کە عێراق بە ئوردنە دەبەستێتەوە لە جێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا.