ھەناردەکراوی خورمای عێراق لە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٦٠٠ ھەزار تۆن بووە

01/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

عێراق دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی لە بەرھەمھێنانی خورمادا.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی ھەنگاو بە ھەنگاو بگەڕێتەوە بۆ پێشەنگی وڵاتانی بەرھەمھێن و ھەناردەکاری خورما.


(حەمید نایف) وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو کۆتا بڕی ھەناردەکراویان ناردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە کە نزیکەی ٦٠٠ ھەزار تۆن بووە لە ھەموو جۆرەکانی خورما و بەمەش عێراق ڕیزبەندی چوارەمی جیھانی گرتووە لە وڵاتانی بەرھەمھێنی خورمادا.


زیادبوونی بەرھەمداری خورما لەم ساڵانەی دوایدا دەگەڕێتەوە بۆ ھاندانی حکومەت کە لە ئێستادا لە بری ٢٠٠ ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک خورما بڕی ٧٠٠ ھەزار دیناری پێدەدات و بەو ھۆیەشەوە ژمارەی دارخورماکانی عێراق زیادیکردووە بۆ ١٧ ملیۆن دارخورما.


عێراق تا سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی بەرھەمھێنی خورمادا بوو، چونکە خاوەنی زیاتر لە ٣٣ ملیۆن دارخورما بوو، بەڵام لە کۆتایی نەوەدەکان ژمارەی دارخورماکانی کەمیکرد بۆ ٩ ملیۆن دارخورما و بەمەش بەرھەمداری خورمای کەمی کرد.