چوار کۆڵبەر لە شاری نەوسوود بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداردەبن

06/06/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

چوار کۆڵبەری خەڵکی پاوە لە رۆژھەڵاتی کوردستان، بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری نەوسوود برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.


رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، چوار کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ، ١٨ ساڵ، ٢٠ ساڵ و ٣٥ ساڵی خەڵکی گوندەکانی سنووری شاری پاوەی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە بەرزایییەکانی سنووری شاری نەوسوود بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربوون.

رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاند، ئەو چوار کۆڵبەرە قاچ، دەست و پشت و کەمەریان بریندار بووە و یەکێکیان برینەکەی سەختە.

برینداربوونی ئەو کۆڵبەرانە لەکاتێکدایە، کە رۆژی دووشەممە بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆڵبەرێکی دیکە، لە سنووری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان گیانیلەدەستدا، کە تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی ھەنگاو، لە ماوەی نێوان مانگی ئاداری ساڵی رابردوو تاکو مانگی ئاداری ئەمساڵ، لانیکەم ٤٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و ٢١٨ کەسیش بریندار بوون.