ئیئتیلافی نەسڕ داوا لە تورکیا دەکات پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی لە بەرامبەر عێراقدا بکات

01/05/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئیئتیلافی نەسڕ داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی لە بەرامبەر عێراقدا بکات و ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق، بگرێت.

ئیئتیلافی نەسر کە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆکایەتی دەکرێت، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئیدانەی لێدوانەکەی سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا دەکەن لە بارەی دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی لە چیای مەتینا لە سنووری بادینان.


ئاماژەی بەوەشکردووە، داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەکانیش کردووە، ڕێوشوێنی بە پەلە و پێویست بۆ پاراستنی سەروەری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بگرنەبەر و داواشی لە ئەنقەرە کرد سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر عێراق، بگۆڕێت.


پێشتر سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا، ڕایگەیاندبوو، حکومەتی ئەنقەرە بە نیازە بنکەیەکی سەربازیی لە چیای مەتینا لە سنوری بادینان دابمەزرێنێت.


وتیشی، چیای مەتینا ناوچەیەکی ستراتیژییە و نزیکە لە چیاکانی قەندیل کە بە پێگە و ناوەندی سەرەکی پارتی کرێکارانی کوردستان، دادەنرێت.