دادگای فەرەنسا لەسەر رووداوەکەی دەریای مانش پێنج سەربازی بە کەمتەرخەمی تۆمەتبار کرد

26/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەسەر رووداوەکەی ساڵی ٢٠٢١ی دەریای مانش کە بەھۆیەوە ٢٧ کۆچبەر خنکان و ١٦یان خەڵکی ھەرێمی کوردستان بوون، دادگای فەرەنسا تۆمەتی کەمتەرخەمی ئاراستەی پێنج سەربازی تیمی فریاگوزاری دەریایی وڵاتەکەی کرد.

دادگای فەڕەنسا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی لە رووداوی ژێرئاو کەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای مانش لە ساڵی ٢٠٢١ تۆمەتی کەمتەرخەمی و بەھاناوەنەچوونی ئاراستەی پێنج سەربازی فریاگوزاری دەریایی کرد کەلەکاتی رووداوەکەدا لە ناوەندێکی چاودێری و بەھاناوەچوونی فەرەنسی لە کەناڵی ئینگلیز لە ئەرکدابوون.

حکومەتی فەرەنسا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو  لێکۆڵینەوەکانی بۆ دیاریکردنی لایەنی کەمتەرخەم دەستپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژنامەی لۆمۆند تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد، تیمی فریاگوزاری فەرەنسی ھیچ ھاوکارییەکیان پێشکەش بەو کۆچبەرانە نەکردووە کەلە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ لەکاتی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان داوای بەھاناوەچوونیان کردبوو. 

٢٤ی تشرینی دووەم ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٥٠ کۆچبەر ھەوڵیاندا بە بەلەمێک لە رێگەی دەریای مانشەوە لە فەرەنساوە بچنە بەریتانیا، بەڵام بەلەمەکەیان ژێر ئاو کەوت و ٢٧ کۆچبەر گیانیانلەدەستدا، کە ١٦یان خەڵکی ھەرێمی کوردستان بوون و یەکێکی تریشیان خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان بوو.