ھەدەپە: لە کەمبوونەوەی دەنگەکانمان دەکۆڵینەوە و کار بۆ خستنی ئەردۆغان دەکەین

26/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە جەخت لەسەر ھەڵوێستەکەی دەکاتەوە بۆ خستنی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا.

 پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیکۆڵینەوە لە کەمبوونەوەی دەنگەکانیان دەکەن.

وتیشی، لەخولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کاردەکەن بۆ ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان شکست بھێنێت.

پێشتریش ھەدەپە و پارتی چەپی سەوز، ھەڵوێستی خۆیان لەسەر خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند و بەبێ ئەوەی ناوی کڵچدارئۆغڵو ببەن دەڵێن، سورن لەسەر گۆڕینی دەسەڵاتی ئەردۆغان.

ناونەھێنانی کڵچدارئۆغڵو لەلایەن ھاوسەرۆکانی ھەدەپە و یەسەپەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە رۆژی چوارشەممە  کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ ئومیت ئۆزداغ سەرۆکی پارتی زەفەری نەتەوەپەرست لەسەر حەوت خاڵ رێککەوت کە یەکێک لە خاڵەکان جەختکردنەوەبوو لەسەر بەردەوامیدان بە سیاسەتی دانانی قەیومەکان، ئەمەش لەکاتێکدایە لە پڕۆگرامی ھاوپەیمانی میللەتدا ئاماژە بەوە کرابوو لە کاتی بردنەوەی ھەڵبژاردنەکان و گەیشتنە دەسەڵات کۆتایی بە سیاسەتی دانانی قەیومەکان دەھێنن.